بابهت: دایک مرۆڤترین کهس
[size=16]دایک… ئەو بوونەوەرەی دەمرین و لێی تێنەگەشتووین. ئەو مرۆڤەی بۆمان دەمرێ و مافی خۆیمان نەداوەتێ. ئەو بەخشندەیەی قوربانی دەدات و چاوی بۆ پاداشتێکت ناڕوانێت. ئەو ماندووەی بۆ حەوانەوەی ئەوانی تر، بڕستی لێدەبڕێت و وچانێک نادات. ئەو بێدارەی شەونخوونی دەچێژێت وخەوی ناوێت تا ئەو کاتەی خەو لەچاوی کەسانی تر بێزار دەبێت. ئەو برسییەی بیر لەخواردن ناکاتەوە تا ئەوانی تر تێر نەبن. ئەو بەسۆزەی بێ بەرانبەر سۆز دەبەخشێت، ژان و ئازار دەنۆشێت تاکو بڕێک خۆشی وشادی بەکەسانێکی تر بگات. دایکایەتی هەستێکەو لە ووشەو دەربڕیندا جێی نابێتەوە.
خۆشەویستی لەکورتترین پێناسەیدا کە توانای بەخشینی بێ بەرانبەر دەگەیەنێت، بەو مانایە تەنها خۆشەویستییەک کرابێت و بکرێت، ئەوەیە کە دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا دەیکات. خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی خۆشەویستییەکی بێ مەرج و ڕاستەقینەیە. ئەو: هەموو منداڵەکانی بەبێ هەڵسەنگاندن و جیاکردنەوەی باش وخراپ، گەورەو بچوک، نێرو مێ، وەکو یەک خۆشدەوێت، هەر ئەوە توڕەییەکەی ناخی، خامۆش دەکات و دەیکوژێت و ناهێڵێت بگاتە ڕق یاخود کینە بەرانبەر منداڵەکەی. دایک منداڵەکانی خۆی، هەروەکو منداڵ دەبینێت ئەگەر بەپیریش گەشتبن، ئەگەر بەهێزو دەسەڵاتداریش بن هێشتا لای ئەو هەر لاوازن و شایانی بەزەیی و سۆزن، بەڵام دەشێت هەمان منداڵ دایکی نەوێ و فڕێی بدات لەکاتێکدا کە ئەو دایکە هەر ئەو منداڵە شک ببات. ڕەنگە ڕۆژگارو چاوچنۆکی وبەرژەوەندی، پەیوەندییەکانی خوێن و دۆستی نێوانمان بگۆڕێت (ئەگەر بۆ ساتێکی کەمیش بێت) بۆ ناحەزیی ونەیاریی، تەنانەت لەنێو ئەندامانی خێزانێکدا: مێرد بۆ ژن، ژن بۆ مێرد، برا بۆ خوشک و دایک، برا بۆ برا و باوک، خوشک بۆ خوشک و دایک، باوک بۆ کوڕ، کوڕ بۆ باوک، بەڵام دایک هەردەم یارو دۆستی منداڵی خۆیەتی و هەگیز نابێتە دوژمنیان. دایک ئەوەندەی ساغی و تەندروستی کۆرپەکەی هەناوی بەلاوە مەبەستە، ئەوەندە بیر لەڕەگەزی کۆرپەکەی ناکاتەوە. ئەمڕۆ حەزی دایک بۆ ڕەگەزی منداڵی کوڕ، ئەو مانایە ناگەیەنێت کە ڕقی لەمنداڵی کچ بێت. حەزێکی نادروستی لەو چەشنە ئەگەر هەبێت، لەبناغەدا خۆشەویستییەکی پیرۆزە لەئاست مامەڵەی نەخۆشانەی کۆمەڵگا بەرانبەر بەڕەگەزی دایک. ئەو ناخوازێت کچەکەی، وەکو خۆی لێ بەسەر بێت، ئەو دەیەوێت بەهۆی منداڵی کوڕەوە، پێگەو شوێنی بەهێز بکات لەکۆمەڵگایەکدا کە لۆژیکی هێز نەک هێزی لۆژیک، باڵادەستە. بەڵام خۆشەویستی باوک بۆ منداڵەکانی هەردەم مەرجدارەو لەخۆشویستنیاندا پلەبەندی دەکات باشترین منداڵ، لای ئەو خۆشەویسترینیانە. خۆشەویستی باوک بۆ منداڵەکەی لۆژیکییەو ئەوەی دایکیش سۆزو هەڵچوونە. ئەگەر خۆشەویستی کردارو چالاکی بێت نەک خاوەندارێتی، ئەوا بەمانا سایکۆلۆژییەکە، دایک خۆشەویستی بێمەرج (دەکات) و باوکیش خۆشەویستی مەرجداری (هەیە). هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین کە سۆزو میهرەبانی دایکی شیردەری پێ لێکدەدرێتەوە، ڕاستە فاکتەری بایۆلۆژییە بۆ پاڵنەری دایکایەتی. بەڵام بۆ قۆناغەکانی تری تەمەنی منداڵ، دایکایەتی بەهیچ هۆڕمۆنێکەوە نەبەستراوەتەوە. لەجەستەی دایکدا تا ئێستاکەش کۆئەندامێک، ئەندامێک، گلاندێک، هۆڕمۆنێک، بوونی نییە و نەدۆزراوەتەوە کە بەهۆیەوە قوربانی دایک بۆ ڕۆڵەکەی، لێکبدرێتەوە. بناغەیەکی ماددی ئەندامیی، بۆ میهرەبانی دایک لەئارادا نییە. ئەوەی کە هەیە فاکتەری سایکۆلۆژییەو بەس.
دایک کە زمان، مۆراڵ، دابونەریت، خۆشەویستی نیشتمان، هەموو پیرۆزییەکی مرۆڤایەتی، بێ بەرانبەر، بێ نیاز، بێ دەمارگیریی، دەبەخشێتە منداڵەکەی، دەکرێت بڵێین هەر دایکە خەمخۆرو نوێنەری ڕاستەقینە بۆ کولتوری نەتەوەو نیشتمان. دایک لەهەموو بۆنەو ڕوداوێکی جوان و پیرۆزدا ئامادەگی هەیە. لەپشت لەهەموو پیاوێکی مەزن و داهێنەرێکی بلیمەتەوە، لەوانەیە ژنێک هەبێت ڕەنگە نەشبێت، بەڵام دایکێکی لەو پیاوانە، مەزنتر ئامادەگی هەیە. لەپشت هەموو دیکتاتۆرێکەوە، لەپشت هەموو مرۆڤێکی مرۆڤکوژەوە، لەپشت هەموو تیرۆریستێکی خۆکوژی کۆکوژەوە، دەشێت ژنێکی ڕازی و بێباک بوونی هەبێت، بەڵام دایکێکی ڕازی و ئاسوودە بەو ڕەفتارانە ئامادەگی نییە. لەپشت هەموو قوربانییەکەوە ئەگەر قوربانییەکە ژنیش بێت، دایکێکی ستەم لێکراو هەیەو دەگری. لەپشت ستەمکارەوە زۆرجار ژنێک هەیە و لەوانەشە پێبکەنێت، بەڵام دایکێک نییە بێ خەم و دڵ خۆش.
ماڵپهڕی دهروونناسی[/size]




